Notice: Function _load_textdomain_just_in_time was called incorrectly. Translation loading for the ultimate-addons-cf7 domain was triggered too early. This is usually an indicator for some code in the plugin or theme running too early. Translations should be loaded at the init action or later. Please see Debugging in WordPress for more information. (This message was added in version 6.7.0.) in /htdocs/wp-includes/functions.php on line 6114
له‌یلا به‌درخان کێ بوو؟ - ماڵپەڕی ئازاد سەڵواتی

له‌یلا به‌درخان کێ بوو؟

له‌یلا به‌درخان له مێژووی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورددا یه‌كه‌مین كچی كوردە، كه له بواری هونه‌ردا ده‌ركه‌وتووه. له‌یلا به‌درخان له بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ری به‌درخانییه‌كانه و كچی عه‌بدولره‌زاق به‌درخان و كچه‌زای به‌درخان پاشایه. له‌یلا ساڵی ١٩٠٨دا له ئه‌سته‌نبوڵ له‌دایكبووه. ساڵی ١٩١٣ دوای ده‌رچوونی برِیاری قڕكردنی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان، له‌یلا له ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكیدا له‌گه‌ڵ دایكی ناچار بوونه له ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كۆچ بكه‌ن و ڕووبكه‌نه میسر و ته‌مه‌نی منداڵی له وڵاتی میسر به‌سه‌ربردووه.

دوای یه‌كه‌م شه‌ڕی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨) له‌یلا به‌درخان له میسر وه‌ده‌ركه‌وتووه و چووه‌ته ئه‌وروپا و له‌وێ قۆناخه‌كانی ژیانی ده‌ستپێكردووه.

له‌یلا له وڵاتی سوێسرا چووه‌ته به‌ر خوێندن و له وڵاتی ئه‌ڵمانیاش په‌یمانگای هونه‌ری بالێی ته‌واوكردووه و پاشان له وڵاتی فره‌نسا نیشته‌جێ بووه.

هه‌ڵپه‌رِكێ و سه‌ما و گۆڤه‌ند هه‌ر له منداڵییه‌وه سه‌رنجی له‌یلایان ڕاكێشاوه، بۆیه له‌یلا كه هێشتا منداڵ بووه به ڕێگای سه‌یركردنی سه‌مای ژنانه‌وه به شێوه‌یه‌كی سروشتی خۆی فێری سه‌ماكردن كردووه و زۆر خولیای سه‌ماكردن بووه. به‌تایبه‌تیش دوای نیشته‌جێبوونی له ئه‌وروپا هه‌موو ئامانج و حه‌ز و خولیا و مه‌به‌ستی ژیانی سه‌ماكردن و خوێندن و لێكۆڵینه‌وه بووه له سه‌ماكردن و ئافراندن بووه له هونه‌ری بالێدا به‌تایبه‌تیش ئه‌و سه‌مایانه‌ی كه له‌یلا به‌درخان نمایشی ده‌كردن هیچ سه‌رچاوه و بنه‌مایه‌كی نه‌بووه، به‌ڵكو داهێنانی بیر و ئاره‌زووه‌كانی خودی له‌یلا بوونه، كه شێوازی تایبه‌ت و زۆر سه‌رنجڕاكێش بوونه.

له‌یلا به‌درخان له ساڵی ١٩٣٠ تا سه‌ره‌تای ساڵانی ١٩٤٠ه‌كان سه‌ما سه‌رنجڕاكێش و پرِ له جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی خۆی له وڵاتانی نه‌مسا، ئه‌ڵمانیا، سوێسرا، فره‌نسا، به‌لجیكا، ئیتالیا پێشكه‌ش كردووه. هه‌روه‌ها له‌یلا به‌ردخان بۆ نمایشكردنی سه‌ما جوانه‌كانی بانگهێشتی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و زۆر وڵاتی تریش كراوه. له‌یلا به‌ردخان وه‌ك كچێكی كورد كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه له‌خۆ نمایشكردنیدا له هونه‌ری بالێ به‌تایبه‌تیش له‌ناو خه‌ڵك به شازاده‌ی كورد ده‌ناسرا. له‌یلا بۆخۆیشی هه‌میشه و به‌وپه‌رِی شانازییه‌وه خۆی وه‌كو كچه كوردێك و خه‌ڵكی كوردستان ناساندووه. نامه مێژووییه‌كانی له‌یلا به‌ردخان ئه‌و ڕاستییانه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن. هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی به‌درخان پاشا كاریگه‌رییه‌كی زۆریان هه‌بووه بۆ وه‌ده‌ركه‌وتنی له‌یلا وه‌ك كچه هونه‌رمه‌ندێكی كورد.

له‌یلا ته‌مه‌نی زۆر بچووكبووه، كه “عه‌بدولره‌زاق به‌درخان”ی باوكی كۆچی دوایی كردووه، وه‌لێ عه‌بدولره‌زاق كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر له‌یلای كچی به‌جێهێشتبوو. عه‌بدولره‌زاق به‌درخان تاكه ڕێبه‌ری كورده كه له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا پیانۆی هه‌بووه.

شازاده له‌یلا كچه كوردێكی ڕووناكبیر و دیرۆكزانیش بووه. زۆر حه‌زی به خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕِه‌كانی مێژوو بووه. ناوبراو لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر مه‌راسیمه‌كانی ئایینی زه‌رده‌شتی، ئایینه كۆنه‌كانی ئێران و میسر و هیند و سه‌ماكانی ئایینی ڕۆژهه‌ڵاتی كردووه.

له‌یلا به‌درخان توانی وه‌ك یه‌كه‌م كچه هونه‌رمه‌ند و یه‌كه‌م ژنه هونه‌رمه‌ندی كورد به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه بچێته لاپه‌رِه‌كانی دیرۆكی جیهانه‌وه، ئه‌لبوومه مێژووییه‌كانی جیهان و ئه‌رشیفخانه‌كان پڕِن له وێنه جوانه‌كانی خۆنمایشكردنی شازاده‌ی كوردان له‌یلا به‌درخان.

له‌یلا به‌درخان دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی به‌ره‌وژوور ڕۆیشتووه، نه‌یتوانیوه چیتر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر نمایشكردنی هونه‌ری بالێ و سه‌ما جوانه‌كانی، به‌ڵام به‌رده‌وام بووه له كاری ڕۆشنبیری و خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه تا دواجار له ساڵی ١٩٨٦ له پاریسی پێته‌ختی فه‌ڕه‌نسا ماڵئاوایی له ژیان كردووه.

 

سەرچاوە :

https://ckb.wikipedia.org

سەبارەت kurdazad