لە نووسراوەیەکی ساڵی شەشەمی پاشایەتییەکەیدا، سارگۆنی دووهەم، پاشای ئاشوورییەکان، دەڵێت کە ئیزیرتووی پێتەختی ماناییەکانی سووتاندووە و دەستی بە سەر شارەکانی زیبیە (زیویە) و ئەرمەید دا گرتووە. لە شوێنێکی دیکەدا باسی یاخی بوونی ئۆلۆسۆیی مانایی دەکات و دەڵێت : من ئیزیرتوو، شارە شاهانەکەی، ئیزیبیە و ئەرمەید، قەڵا بە هێزەکانیم گرت و سووتاندم.
قەڵای زیویە یان ئیزیبیە
قەڵای زیویە لە ٥٥ کیلۆمێتریی شاری سەقز لە ڕۆهەڵاتی کوردستان و لە باکووری گۆندێکەوە کە هەڵگری هەمان ناوە لە سەر تەپۆڵکەیەکی ١٠ هەتا ١٤٠ مێتری هەڵکەوتووە. وێدەچێ هەڵکەوتەی تایبەتی تەپۆڵکەکە هۆکاری دروستکرانی قەڵاکە لەو شوێنە بێ.
خەزێنە دزراوەکەی زێویە
لە ساڵی ١٩٤٧ی هەتاوی بە هۆی هێندێ ڕووداوی سروشتییەوە بەشێک لە تەپۆڵکەکە داڕووخا و بە هەڵکەوت، هێندێ شوێنەوار لە شوێنی داڕووخانەکە دۆزرانەوە (kantor 1960: 1).
بۆ یەکەمجار، ئەیۆب رەبنۆ بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لەو ناوچەیە کاری هەڵکۆڵینی ئەنجام دا و دواتر مەحموود راد ، عەلی حاکمی و عەلی سامی، سادق سەمیمی، ئاندرێ گۆدار، فەریدوون تەوللی، موحسن پیراموون، سەعید گەنجەوی و عەباس مەلکی، جەواد کامبیز لە گەڵ جۆرج کامێرۆن، لێژنەیەکی هاوبەشی ئێرانی ئەمریکی بە سەرپەرستی دایسۆن، عەلی ئەکبەر سەرفەراز و عەباس دانشوەر لە گەڵ تیمێکی ژاپۆنی و دواتر تیمێک بە سەرپەرستی نۆسرەتۆڵڵا مۆعتەمێدی هەتا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران کاری هەڵکۆڵین و بە تاڵانبردنی شوێنەوارەکانیان ئەمجام داوە. لە دوای هاتنە سەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بەردەوامیی داگیرکاری کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە دیسانەوە نۆسرەتۆڵڵا مۆعتەمدی، دواتر تیمێک بە سەرپرستی سیمین لەکپوور و کامیار عەبدی کاری هەڵکۆڵینیان درێژە پێ داوە (ئێقباڵ عەزیزی : وتووێژی تایبەت).
بە داخەوە بەشێکی زۆری خەزێنە و شوێنەوارە گۆازراوەکانی زێویە ئێستا لە مووزەخانە گەورەکانی جیهاندا ڕادەگیردرێن. ئەو خەزێنەکەرەستەی هونەری و دیکۆراتی بە نرخێکی زۆر لەخۆدەگرێت، شارستانیەتێکی پێشکەوتوو لەم ناوچەیەدا ئاشکرا دەکات. گەنجینەی زیویە ئاشکرای دەکات کە مانناییەکان لە ماوەی سەدەی یەکەمی پێش زایین لە ئاڵتونکاریدا لێهاتوو بوون. ئەو شتە هونەریانەی کە دۆزراونەتەوە مۆتیڤی سەرنجڕاکێشی هەر سێ هونەری مانایی، ئاشووری و سەکاکان و کاریگەریی ئەو کلتوورانە لە سەر یەکتر پیشان دەدەن.
لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایینەوە، شێوەی ژیان لە ژیانی کشتوکاڵی گوندنشینەوە گۆڕا بۆ ژیانی ڕێکخراو لە شارەکاندا. بۆ خۆپارێزی لە هێرشی دەرەکیش، شارەکان بە دیواری دووتۆ و کاناڵی ئاویی قووڵ و تاوەری تایبەتمەند دەورە. سارگۆنی دووەم لە نووسینەکانیدا باسی “شوێنی نیشتەجێبوونی گەورە” و کۆشکێک دەکات کە ستوونەکانی لە دارە بۆنخۆشەکانی سروشت دروستکراون. ئەم وەسفانە ئاماژە بەوە دەکەن کە گەلی مانایی خاوەنی لێهاتوویی پێشکەوتووی تەلارسازی و هونەری بوون لە سەردەمی خۆیاندا.
سەرچاوەکان :
• هشتاد سال باستانشناسی ایران، یوسف حسنزادە و سیما میری، ١٣٩١ شمسی
• دوران بی خبری و غارت آثار فرهنگی ایرانیان، رشید کیخسروی، 1363 شمسی
• Journal of Near Eastern Studies. Helen, 1960
• The Arte of Ancient Iran. Edith Porada, 1962
• X The Peoples of The Highland, E.D. Phillips, 1963
• Studies on Urartu and Neighbors, R. D. Barnett, 1956