نۆقمبوونی گەمیی کوردستان لە ساڵی١٩١٠

١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٤

لە تەنیشت کەنیسەی سانت میشل لە پلووگێرنۆ (Plouguerneau)، کە کۆمۆنێکە لە دێپارتمانی فینێستێر لە فرانسه شوێنێکی نیشتەجێبوون هەیە کە ئەمڕۆ سەر بە بنەماڵەی فلاندرینە. لەم موڵکەدا، لە لوتکەی کۆشکێکی بەردینی تاڕادەیەک بەرز، خاچێک هەیە، کە زۆر وەبەرچاو ڕێبواران ناکەوێت. لەسەر ئەو بەردە نووسراوە: “ئەم خاچە لەلایەن کۆمپانیای ئینگلیزی-جەزائیری لەندەنەوە، بە یادی کاپیتان و ئەفسەر و تیم و سەرنشینانی گەمیی کوردستانی کە لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ١٩١٠ لە دەریادا ون بووە، هەروەها وەک ڕێزلێنانێک بۆ دانیشتووان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کە پاشماوەی ئەو ١٧ خنکاوەی کە لە ئاو هێنابوویانییە کەنارەکانەوە و بۆ بنەماڵەی نێزۆ کە ڕێگەیان بە دانانی ئەم خاچە لەسەر ئەم خاکە دا، دانراوە. هەتا ئێستا جگە لەم نووسینە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم کارەساتە: هۆکارەکان، شوێن، ژمارەی خنکاوەکان، ڕزگاربووان و دەرئەنجامەکان لە هیچ دەقێکدا پەیدا نەبووە.

ئەو وێنەیەی خوارەوە نوێنەری ڕێکخراوی کارێگ-هیرە کە هەتا ئێستا بە دوای زانیاریی زیاتردا دەگەڕن سەبارەت بە ڕووداوی نۆقمبوونی گەمیی کوردستان. لەو بارەشەوە ئەو ژمارە تێلێفۆنەیان بۆ وەرگرتنی زانیاری ڕاگەیاندووە ٠٢٩٨٣٧١٣٣٥

وەرگێڕاوی بابەتی ڕۆژنامەی نووڤێلیست ڤاڵێزەنی ڕێکەوتی ١٠ی نۆڤامبەری ١٩١٠ سەبارەت بە نۆقمبوونی گەمیی کوردستان :

ئێستا هەواڵمان لە گەمیی مسافرهەڵگری کوردستانەوە هەیە کە ڕۆژی سێشەممە باسمان کرد. لە تێنریفەوە تێلێگراف کراوە کە دوو ڕزگاربووی گەمیی هەڵمیی ژێرئاوکەوتووی کوردستان بە گەمی هەڵمیی ئەڵمانی سانتا ئورسولا هێنرانەوە بۆ ئەم شارۆچکەیە. گەمیی کوردستان کە سەر بە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی جەزائیری بوو، لە مانچستەرەوە بەرەو بەسرە دەڕۆیشت. دوو ڕزگاربووەکە بە ناوەکانی براون و بارگ، بیست و شەش کاتژمێر دوای نوقمبوونی کەشتییەکە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر {یەک ڕۆژ جیاوازی هەیە لە گەڵ نووسراوەی سەر خاچەکەی پلووگێرنۆ}، لە دووری ٩٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دوورگەکانی سیلی (کاونتی کۆرنواڵ) دۆزرانەوە. ڕزگاربووەکان ڕایانگەیاندووە کە دەبێ سەرجەم سەرنشینەکانی دیکە، کە پێنج خانمیشیان تێدابووە، لە بەلەمە درێژەکانی کوردستاندا بە برسێتی گیانیان لەدەست دابێت. گەمیی کوردستان کە لە ١٨ی ئۆکتۆبەردا مانچستەری بەجێهێشت، دەبوو لە ٢٤ی مانگدا بگاتە مارسیلیا. بەو پێیەی کەشتییەکە وێستگەی تەلەگرافی بێ وایەری نەبوو، مەحاڵ بوو پەیوەندی پێوە بکرێت.

 

سەرچاوە : www.e-newspaperarchives.ch

سەرچاوەی وێنە : www.letelegramme.fr