بڕیاری دەفتەری سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەی جیاییخوازی لە ئازەربایجانی باشووری و ئۆستانە باکوورییەکانی دیکەی ئێران

نهێنی سۆڤیەت

بۆ هاوڕێ باقرۆف

سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەی جیاییخوازی لە ئازەربایجانی باشووری و ئۆستانە باکوورییەکانی دیکەی ئێران.

١- پێویستە کارە سەرەتاییەکان بۆ دامەزراندنی هەریمی نەتەوەیی خۆبەڕێوەبەریی ئازەربایجان لە نێۆخۆی دەوڵەتی ئێران بە مافی بەربڵاوەوە دەست پێ بکات.

بە شێوەی هاوکات، بزووتنەوەی جیاییخوازانە لە ئۆستانەکانی گیلان، مازەندەران، گۆرگان و خۆراسان پەرە پێ بدرێت.

٢- بۆ بپێشەنگایەتی بزووتنەوەی جیاییخوازانە، لە ئازەربایجانی باشووری، حیزبێکی دیمۆکراتیک لە ژێر ناوی “حیزبی دیمۆکراتی ئازەربایجان” دروست بکرێت. پێکهێنانی حیزبێکی دیمۆکراتیک لە ئازەربایجانی باشووری لە ڕێگای گۆڕانی لقی ئازەربایجانی حیزبی توودەی ئێران و ڕاکێشانی لایەنگرانی بزووتنەوەی جیاییخوازیی لە هەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا ئەنجام بدرێت.

٣- کاری پێویست بۆ ڕاکێشانی کوردەکانی باکووری ئێران بۆ بزووتنەوەی جیاییخوازانە بە مەبەستی دامەزراندنی هەریمی نەتەوەیی خۆبەڕێوەبەری کورد ئەنجام بدرێت.

٤- لە تەورێز گرووپێکی کرێکاری بۆ  پێشەنگایەتی بزووتنەوەی جیاییخوازانە پێک بهێنرێت کە ئەرکدار بن بە پەیوەندی بەردەوام لە گەڵ کۆنسووڵی گشتیی سۆڤیەت لە تەورێز.

ڕێبەری گشتیی ئەو گرووپە بە باقرۆف و یەعقووبۆف دەسپێردرێت.

٥-کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست(بۆلشیڤیک)ی ئازەربایجان(باقرۆف و یەعقووبۆف) ئەرکدار بکرێن بۆ ئەنجامی کارە سەرەتاییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئازەربایجانی باشووری بۆ مەجڵسی ئێران لە خۆلی پانزەهەم، لە ڕێگای گارانتی کردنی هەڵبژێردرانی نوێنەرانی لایەنگری بزووتنەوەی جیاییخوازانە لە سەر بنەمای ئەم درۆشمانە :

 ئا) پێدانی زەویی بە جووتیاران لە ڕێگای دابەشکردنی زەوینی دەوڵەتی و خاوەن مڵکە گەورەکان و پێدانی وامی درێژماوەی هەرزان بە جووتیاران.

 بێ) نەهێشتنی بێکاری لە ڕێگای چاککردنەوە و زیادکردنی دەرفەتی کار لە کارگەکان، هەروەها لە ڕێگای پەرەپێدانی دروستکردنی ڕێگاوبان و خزمەتە گشتییەکانی دیکە.

 پێ) باشتر کردنی دابینکردنی ئاو و ئاوەدانی لە شارەکان.

 تێ) باشتر کردنی خزمەتی تەندروستی و دەرمانی.

جێ) بە کارهێنانی لانی کەم ٥٠٪ی باجە دەوڵەتی بۆ پێویستییە لۆکاڵەکان.

چێ) بەرابەریی مافەکانی کەمایەتییە نەتەوەیی و تایفییەکان :                                        

دروستکردنی خوێندنگە و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و کتێب بە زمانەکانی ئازەری، کوردی، ئەرمەنی و ئاشووری؛ بەڕێوەبردنی دادگا و کاروبارە ئیدارییەکان لە دامەزراوە لۆکالییەکان بە زمانی دایکی؛ بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرییە ئۆستانییەکانی وەکو ژاندارمێری و پولیس لە لایەن خەڵکی خۆجێییەوە؛ پێکهێنانی ئەنجۆمەنەکانی ئۆستان، شارسان و شار کە ئۆرگانەکانی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیین.

حێ) باشترکردنی بنەمایی پەیوەندیی سۆڤیەت-ئێران.

٦- بە مەبەستی بەرگری لە خۆیان، لایەنگرانی سۆڤیەت و چالاکانی بزووتنەوەی جیاییخوازی و ڕێکخراوە دیمۆکراتیک و حیزبییەکان، گرووپی چەکدار پێک بهێندرێت و بە چەکی بیانی تەیاریان بکەن.

ئەم بەندە بسپێرنە ڕەفیق بۆلگانین و باقرۆف بۆ جێبەجێ کردنی.

٧- بۆ بەهێزکردنی کارە فەرهەنگی و تەبلێغییەکان لە ئازەربایجانی باشووری، کۆمەڵەی پەیوەندی فەرهەنگی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت و ئێران پێک بێنن.

٨- بە مەبەستی ڕاکێشانی جەماوەرێکی زیاتر بۆ لای بزووتنەوەی جیاییخوازی، پێویستە لە تەورێز کۆمەڵەی دۆستانی ئازەربایجانی سۆڤیەت پێک بهێندرێت و شوعبەکانی لە هەموو ناوچەکانی ئازەربایجانی باشووری و گیلان پێک بهێندرێن.

٩- کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست(بێلشۆڤیک)ی ئازەربایجان ڕابسپێردرێ کە لە باکوو گۆڤارێکی وێنەیی بۆ بڵاوکردنەوە لە ئێران و هەروەها سێ ڕۆژنامەی نوێ لە ئازەربایجانی باشووری بڵاو بکرێنەوە.

١٠-ئۆگیز(یۆدینا) ڕابسپێردرێ کە سێ ماشینی چاپی تەخت بۆ پێکهێنانی پێگەی چاپخانەی حیزبی دیمۆکراتی ئازەربایجانی باشووری بخرێنە بەردەستی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست (بێلشۆڤیک)ی ئازەربایجانەوە.

١١- نارکۆمۆسێرتۆرگ (ڕەفێق میکۆیان) ڕابسپێردرێ کە قاقەزی پێویست بۆ بڵاوکردنەوەی گۆڤاری وێنەیی لە باکوو و هەروەها سێ ڕۆژنامەی نوێی ڕۆژانە لە ئازەربایجانی باشووری بە تیراژی لانی کەم ٣٠ هەزار نوسخە دابین بکات.

١٢- ڕێگا بە نکاود (کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان) بدرێ هەتا لە ژێر چاودێریی ڕەفیق باقرۆف دا ئیجازەنامەکانی چوونەدەرەوە و هاتنەوە بۆ ئێران بۆ ئەو کەسانە کە لەبەر ئەنجامی کاروباری پەیوەست بەم هەنگاوانەوە لە هاتوچوودان، دەر بکات.

١٣- بۆ دابینکردنی باری ماڵیی بزووتنەوەی جیاییخوازی لە ئازەربایجان و هەروەها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئێران لە دەوری پانزەهەم، سندۆقێکی تایبەت بە گۆژمەی یەک میلیۆن رووبل ئەرزی بیانی بە یەکەی تۆمەنی ئێرانی دابنرێت.

کۆتایی

٦ی ژوییەی ١٩٤٥

پەسندکراوی : دەفتەری سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت (بۆلشۆڤیک)

 

سەبارەت kurdazad