پەیوەندی نێوان تەورێز و مەهاباد لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا – ١٩٤٦

ئەم بەڵگەنامەیە بەشێکە لە ڕاپۆرتی بەرپرسایەتی ڕۆژهەڵاتی نیزیک لە
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کە لە ٣١ی ئووتی ١٩٤٦ لە پاریس بڵاو کراوەتەوە.
خاڵی زۆر گرینگی ڕاپۆرتەکە : نیشتەجێکرانی تورکە ئازەرییەکانە لە دەشتاییەکانی ورمێ.

دەقی وەرگێڕدراو :

پەیوەندی نێوان تەورێز و مەهاباد

پەیوەندییەی نزیک لە نێوان حکومەتەکانی مەهاباد و تەورێزدا هەیە. بێ گومان ئەو دوو حەشیمەتە هەرگیز پەیوەندییەکی زۆر گەرمیان نەبووە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا هەموو شتێک بانگهێشتیان دەکات بۆ ئەوەی جیاوازییەکانیان لەبیربکەن و دژی دەسەڵاتی ناوەندی یەکبگرن. هەروەها ڕەنگە هەندێک فشاری دەرەکی هاندەریان بن بۆ پاراستنی ئەم هاوسەنگییە ناسکە.

لەو دیدارە بەردەوامانەی کە لە تەورێز لە نێوان سەرکردە ئازەری و کوردەکان بەڕێوەدەچن، لە ٣ی مەی دا پەیمانی دۆستایەتی واژۆ کرا کە مەرجەکانی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت دیاری دەکات. بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە کە شەش مادەی لەخۆگرتووە، بەم شێوەیەن:

1. حکومەتی تەورێز و مەهاباد بەڵێن دەدەن کە ئیدارەی هەر ناوچەیەک لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیاندا بە کەسانێک بسپێرن کە لە نوێنەرانی زۆرینەی نەتەوەیی خۆجێی هەڵدەبژێردرێن.
2- پشکنین بۆ هەموو ئەو پرسە ئابوورییانەی کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە بۆ هەردوولا دەسپێردرێتە کۆمسیۆنێکی هاوبەش کە بڕیارەکانی دەخرێتە بەردەم سەرۆکی هەردوو حکومەت.
3. دوو لایەنی گرێبەستەکە بەڵێنی هاوکاری بە یەکتر دەدەن.
4- هیچ کام لە واژۆکارەکان بەبێ ڕاوێژی پێشوەختە لەگەڵ ئەویتر دانوستان لەگەڵ تاران ناکەن.
5. حکومەتی ئازەربایجان هاوکاری کوردانی نیشتەجێی خاکەکەی دەکات لە گەشەپێدانی کولتووری نەتەوەیی خۆیان. حکومەتی کوردستانیش هەمان ڕێباز بەرامبەر کەمینەکانی تورکی- ئازەری لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەگرێتەبەر.
6- ئەو دوو دەوڵەتە، بە پەیوەندیی برایانە خۆیان بە یەکگرتوو دەزانن؛ لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی دەستدرێژیکارانەدا یارمەتی یەکتر دەدەن.

ئەم دەقە لە بنەڕەتدا هاوپەیمانییەکی بەرگرییە لە دژی دەسەڵاتی ناوەندی. لە کاتێکدا هەندێک ڕێگای چارەسەری بۆ پرسی ئەستەمی کەمینەکان پێشکەش دەکات، بەڵام هەستیارترین پرس، واتە دیاری کردنی سنوورەکان لە سێبەردا دەهێڵێتەوە، کە دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە سەرچاوەی مشتۆمڕ. لە ڕاستیدا بە پێی دەنگۆی ئەم دواییانە، لەسەر دەشتاییەکانی ورمێ کە بە گشتی لە لایەن مەسیحییە ئاشوورییەکان و کۆچبەرە تورک-ئازەرییەکانەوە کە لە لایەن ڕەزاشاەوە لەوێ نیشتەجێ کراون، هێندێ ناکۆکی بە زیانی کورد دروست بووە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ڕۆژێک ئازەربایجان و کوردستان بە تەنیا جێبهێڵدرێن، ئەو پەیمانە دۆستایەتییەی کە تازە ئیمزایان کردووە، زوو بە زوو لەبیر بکرێت.

 

 

 

سەبارەت kurdazad