لە باڵوێزی بریتانیا لە تاران بۆ نووسێنگەی هیندوستان
بەناوی خودای بەخشەندەی میهرەبان،
بەیاننامەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
(بڵاوکراوە بە زمانی فارسی و کوردی).
هاونیشتمانیان، برایان،
ئاگری شەڕی جیهانی، کە دوژمنانی ئازادی و دژە دیموکراسی دایانگیرساندبوو، لە لایەن سەربازە بوێرەکانی هاوپەیمانە گەورەکانمانەوە کوژاوەتەوە. جیهانی دیموکراتیک سەرکەوت بەسەر دەستدرێژکارە فاشیستەکاندا کە هەوڵیان دەدا هەموو گەلان ملکەچ بکەن و بیانخەنە ژێر ڕەکیفی قورسی ستەمکارە بێباکەکانەوە.
ڕێگای ئازادی، وەک ئەوەی هەموو گەلان چاوەڕێیان دەکرد، ئێستا کراوەیە. ئەمڕۆ هەموو گەلان، جا گەورە بن یان بچووک، دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتەی بۆیان هاتووەتە پێش و ئەو بەڵێنانە کە لە میساقی مێژوویی ئەتڵەسیدا هاتوون کەڵک وەربگرن هەتاکۆ کاروبارەکانیان بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانهەوێت بەڕێوە ببەن.
ئێمەی کورد کە لە فارس دەژین و ساڵانێک و تەنانەت سەدەهایەکە لە پێناو پاراستنی مافە نەتەوەیی و خۆجێییەکانمان خەباتمان کردووە، بۆ ئەم مەبەستە گیانی زۆرمان بەخت کردووە. بەداخەوە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانی فارس هەرگیز ئامادە نەبوون گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن، هەرچەندە مەعقولن.
ئەوان تەنانەت ڕێگریان لێکردووین کە سوود لەو مافانە وەربگرین کە لە یاسا دەستوورییەکاندا هاتووە لە پێوەندی لەگەڵ پارێزگا و شارەکاندا. وەڵامەکانمان هەمیشە فیشەک و بۆمب و زیندانیکردن و دوورخستنەوە و لەسێدارەدان و دیل گرتن بووە، بەتایبەتی لە سەردەمی بیست ساڵی دەسەڵاتی ڕەزاخاندا، کە تەنانەت ئازاد نەبووین جلوبەرگی خێڵەکی خۆمان لەبەر بکەین.
موڵک و ماڵی ئێمە لەلایەن ئەفسەرە ناپاک و خیانەتکارەکانەوە بە زۆری سەرنەیزە لێمان زەوت کرا و ژنەکانمان بە شێوەیەکی شەرمەزارانە هێرشیان کرایە سەر.
ئەوان تەنانەت خۆیان لە هەنگاوی دڕندانە بۆ قڕکردنمان بەدوور نەگرت. لە هەر حاڵدا، ئێمەش مرۆڤین. مێژوو و زمانمان هەیە؛ ئێمەش داب و نەریتکمان هەیە کە زۆر حەزمان لێیە. بۆ ڕێگەمان پێنادرێت منداڵەکانمان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی بە زمانی کوردی قسە بکەن؟ بۆچی ڕێگەمان پێنادرێت ماڵی خۆمان بەو شێوەیەی کە ئارەزووی خۆمان بەڕێوەببەین؟ بۆ ناهێڵن کوردستان ببێتە پارێزگایەکی سەربەخۆ کە ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەی دەبات، کە لە یاسای دەستووردا بڕگەیەکی بۆ دانراوە؟
هاووڵاتیانی خۆشەویست!
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ماف نادرێت، بەڵکو وەردەگیرێت. پێویستە بۆ مافەکانمان خەبات بکەین. بۆ ئەم کارە یەکڕیزی، ڕێکخستن و سەرکردە پێویستە. هەر بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد دامەزرا.
هاووڵاتیانی ئازیز، پێویستە وریا بن و لە دەوری ئەو حیزبە کۆببنەوە کە خۆی بەخت دەکات لە پێناو مافە ڕەواکانتان. حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەرەو سەرکەوتنتان دەبات. تەنیا لە ڕێگەی سەرکردایەتی ئەم حیزبەوەیە کە میللەتی کورد لە لەناوچوون ڕزگاری دەبێت و سەروەت و سامان و ژن و ناوبانگی نەتەوەیی دەپارێزرێت. هەر ئەم حیزبەیە کە دەتوانێت سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆی لە چوارچێوەی سنوورەکانی فارسدا مسۆگەر بکات.
سیاسەتی حیزب.
1- کورد لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیدا ئازاد و سەربەخۆ بێت و سەربەخۆیی کورد لە سنوورەکانی فارس وەربگرێت.
2. بتوانن زمانی کوردی فێر ببن و کاروبارەکانیان بە زمانی کوردی بەڕێوەببەن.
3. پێویستە بەرپرسانی حکومەت لە دانیشتوانی ناوچەکە هەڵبژێردرێن.
4. دەستبەجێ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کوردستان بەگوێرەی یاسا دەستوورییەکان هەڵبژێردرێن، بۆ سەرپەرشتیکردنی سەرجەم کارە گشتی و حکومییەکان.
5- بە دەرکردنی یاسایەکی گشتی، ئەو ناکۆکییانە کە لە نێوان جووتیار و خاوەن زەویدا هەن چارەسەر بکرێن و دۆخی داهاتوویان دیاری بکرێت.
٦- حیزبی دیمۆکراتی کوردستان هەوڵی تایبەت دەدات بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و برایەتی تەواو لە نێوان نەتەوەی ئازەربایجان و ئەو خەڵکەی لە ئازەربایجان دەژین (ئاشووری، ئەرمەنی و هتد).
٧- حیزبی دێموکراتی کوردستان خەبات دەکات بۆ کەڵک وەرگرتن لە سامانی سروشتی بێ سنووری کوردستان و باشترکردنی کشتوکاڵ و بازرگانی و پەروەردە و تەندروستی کوردستان، لە پێناو دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری و ئەخلاقی بۆ کورد.
٨- ئێمە ئاواتەخوازین ئەو گەلانەی لە فارس دەژین بتوانن بۆ ئازادی خۆیان و بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان کار بکەن.
ن.م.د.
١٧ی خەزەڵوەری ١٣٢٤
(٨ی نوڤیەمبەری ١٩٤٥)