ئایپاک – كومیته‌ی کارو باری گشتی ئێسراییل و ئه‌مریكا


ئایپاك یان كومیته‌ی کارو باری گشتی ئێسراییل و ئه‌مریكا، لۆبییه‌كه‌ له‌ وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ له‌ ساڵی ١٩٥١ دا به‌ ئامانجی پشتگری ئێسراییل و ئیدولۆژی سه‌هیونیزم دامه‌زراوه‌.
ئایپاك به‌ توندی پشتگری ڕاستڕه‌وه‌كانی ئێسراییل و نوێنه‌رانی نیزیك له‌ لیكوود ( حیزبی ناسیۆنال لیبێراڵیستی ئێسراییلی) ده‌كات. ئایپاك له‌ تۆڕێكی به‌رفراوانی زیاتر له‌‌‌ ٧٠ ڕێكخراو كه‌ لە کومیتەی بەڕێوەبەری دا نوێنەرایەتیان هه‌یه‌، پێك هاتووه‌. ئەو لۆبیە هه‌موو ساڵێك له‌ واشێنگتۆن كونفرانسێك به‌ به‌شداری گه‌وره‌ به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات وه‌كو هیلاری كلینتون، بیل كلینتون، باراک ئۆباما، جۆ بایدن، جورج ده‌بلیۆ بووش، بنیامین نا‌تانیاهوو، پۆل ڕایان، ئاریه‌ل شارۆن یان ئێهوود ئولمێرت، به‌رێوه‌ ده‌بات.
ئایپاك به‌ گه‌وره‌ترین لۆبی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ئه‌ژمار دێت.

ئامانجه‌ گشتیه‌كانی:
· كاری لۆبیگه‌ری له‌ گۆنگره‌ی ئامریكا و كوشكی سپی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئیسراییل
· مسۆگه‌ر كردنی ده‌نگی ڤێتۆی ولاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دژ به‌ هه‌موو بڕیارنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ كرده‌وه‌كانی ئێسراییل مه‌حكووم ده‌كا
· مسۆگه‌ر كردنی یارمه‌تی دارایی و سه‌ربازی به‌رفراوان بۆ ئیسراییل
· ئاماده‌كردنی نه‌وه‌ی نۆێی ڕێبه‌رانی لایه‌نگری ئێسراییل
· چاودێری ده‌نگ و پیشنیاره‌كانی نوێنه‌ره‌‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ مه‌ڕ كارو باری په‌یوه‌ست به‌ نیزیك یان دوور له‌ ئێسراییل
· هاوئاهه‌نگی و گه‌یاندنی یارمه‌تی دارایی جووله‌كه‌ یارمه‌تی ده‌ره‌كان بۆ پاڵێوراوانی هه‌ڵبژرادنه‌كان

مێژوو

بنه‌چه‌ و دامه‌زران
له‌ ١٩٥١ دا، واته‌ ٣ ساڵ دوای دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ئێسراییل، ئیزایا لێۆ كه‌نه‌ن ”SI” فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی كارو باری ده‌ره‌وه‌ی ئێسراییل هه‌ڵده‌ستێ به‌ دامه‌زراندنی ”كومیه‌تی سه‌هیونیستی ئه‌مریكا بۆ كارو باری گشتی”. ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ ده‌بێته‌ باڵێكی شۆرای سه‌هیۆنیستی ئه‌مریكا.
له‌ ١٩٦٣ دا، وه‌زاره‌تی دادی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كێنێدی، ئه‌مری به‌ كومیته‌ی سه‌هیۆنیستی ئه‌مریكا كرد كه‌ خۆی وه‌كو نوێنه‌رایه‌تیه‌كی بیانی ناونووس بکات.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، لۆبیه‌كه‌ بڕیاری گۆڕینی ناو ده‌دا بۆ ”كومیته‌ی كارو باری گشتی ئه‌مریكا و ئێسراییل” (ئایپاك) و له‌ ژێر ناوه‌ نوێیه‌كه‌یدا له‌ لایه‌ن ئیزایا لێۆ كه‌نه‌ن، ئیزادۆر برێسلاو و ژۆزێف ئۆته‌نستێن ه‌وه‌ ڕێكده‌خرێته‌وه‌.

ناكۆكی له‌ گه‌ڵ ئێچ. ده‌بلیۆ. بووش
له‌ ١٩٨٩ دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، جه‌یمز به‌یكێر، له‌ ڕێگای ئایپاك ه‌وه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی ئێسراییل ده‌كات كه‌ ده‌ست له‌ ”سیاسه‌تی زێده‌خوازانه‌”ی خۆی هه‌ڵگرێت. سه‌رۆك وه‌زیری ئێسراییل پێداگری ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی پاره‌، و‌ له‌ گه‌ڵ ئێچ. ده‌بلیۆ. بووش ده‌كه‌وێته‌ ناكۆكیه‌وه. به‌ گوێره‌ی واشێنگتۆن پوست، سه‌رۆك بووش به‌ هۆی دژایه‌تی كردنی ئێسراییل له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌‌ خۆلی دووهه‌می سه‌رۆك كۆماری دا دۆڕاندنی.
به‌ گوێره‌ی ژاكوب هه‌لبروون، له‌ ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز: ”ئه‌و به‌ هۆی ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی قه‌رز دان به‌ ئێسراییل نه‌یتوانی خۆی ڕاگرێت. ئه‌و ته‌نیا یه‌ك كه‌س بوو له‌ به‌رامبه‌ر لۆبیه‌كی مه‌زن. به‌رگه‌ی ئه‌و زه‌بره‌ی نه‌گرت. جۆرج بووش له‌ خاچ درا”.

دۆزی رۆزێن- وه‌یسمه‌ن
له‌ ئووتی ٢٠٠٥ دا، ئێستێڤن ژ. رۆزێن كه‌ ٢٣ ساڵ وه‌كو كادری به‌ڕێوه‌به‌ری ئایپاك كاری كردبوو، و كه‌یت وه‌یسمه‌ن، كادرێكی به‌ڕێوه‌به‌ری دیكه‌ی ئایپاك، به‌ پێشێلكاری یاساكانی ئه‌مریكا له‌ مه‌ڕ سیخۆڕی تاوانبار كران. ئه‌وان هێندێك به‌ڵگه‌ی نهێنی- پارێزراوی په‌یوه‌ست به‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران یان له‌ ڕێگای ئه‌ندامێكی نووسینگه‌ی پلانی تایبه‌ت له‌ پێنتاگۆن، به‌ ناوی لاورێنس فرانكلین، وه‌ ده‌ست هێنابوو و دابوویان به‌ ئێسراییل.
له‌ ژانویه‌ی ٢٠٠٦ دا، لاوره‌نس فرانكلین، یارمه‌تی ده‌ری پێشووی جێگری پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگری دووگلاس فه‌یت، به‌ ١٢ ساڵ و ٧ مانگ زیندان سزا درا.
له‌ ٢٠٠٩ دا، سه‌رئه‌نجام تاوانه‌كانی سه‌ر رۆزێن و وه‌یسمه‌ن لابران. به‌ گوێره‌ی نیۆیۆرك تایمز “ئه‌و بابه‌ته‌ هێندێك پرسیاری سیاسی هه‌ستیاری سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی لایه‌نگره‌ جووه‌كانی ئێسراییل له‌ ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندیه‌ نیزیكه‌كانیان، له‌ پشتی په‌رده‌وه‌، له‌ گه‌ڵ به‌رپرسه‌ به‌رزه‌ كانی حكوومه‌تی ئەمریکا ورووژاندوه‌.”

كتێبه‌كه‌ی ستێفێن واڵت
له‌ ٢٠٠٦ دا، بڵاۆكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌ لایه‌ن دوو مامۆستای زانكۆه‌كانی ئه‌مریكا ستێفێن واڵت (له‌ زانكۆی هاروارد) و جۆن مێرشیمه‌یر (له‌ زانكۆی شیكاگۆ)، پاشان كتێبێك سه‌باره‌ت به‌ لۆبی لایه‌نگری ئێسراییل له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان دا هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ ده‌نێته‌وه‌. هه‌ردوو مامۆستای زانكۆ سه‌ركۆنه‌ی كاریگه‌ری به‌رفراوانی ئایپاك له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕه‌خنه‌ی پشتگری بێ شه‌رت و مه‌رجی ئایپاك بۆ لیكوود، حیزبی خۆپه‌رێزی ئێسراییلی، و پشتگری نه‌كردنی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی له‌ گه‌ڵ فه‌ڵستینیه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌و كتێبه‌ هه‌روه‌ها جیاوازیه‌كانی نێۆ كۆمه‌ڵگای جووه‌كانی ئه‌مریكا پیشان ده‌دا.
له‌ ٢٠٠٨ دا، لۆبیه‌كی جووله‌كه‌ی پێشكه‌وتنخواز، به‌ ناوی “ژ.ستریت” بۆ به‌رگری له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌مریكیه ئاشتیخوازه‌كانی‌ لایه‌نگری ئێسراییل له‌ كۆنگره‌ی ئه‌مریكا دروست بوو.

ناكۆكیه‌كان له‌ گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ریه‌كەی ئۆباما له‌ سه‌ر ئێران
له‌ كۆتایی ٢٠١٣ دا ، ئایپاك بێ باوه‌ڕی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی لێك نیزیك بوونه‌وه‌ له‌ نێوان سه‌رۆك باراك ئۆباما و سه‌رۆك كۆماری نۆێی ئێران حه‌سه‌ن ڕۆحانی ده‌رده‌بڕێ. له‌ ٢٠١٥ دا، لۆبیه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی ناوه‌كی له‌ گه‌ڵ ئێران ڕووبه‌ڕووی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆباما ده‌بێته‌وه‌.

چه‌ند ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێسراییل، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێسراییل بنیامین ناتانیاهوو به‌ ئاماده‌بوونی له‌ به‌رامبه‌ر كۆنگره‌ی ئه‌مریكا بۆ دژایه‌تی سیاسەتی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ مه‌ڕ ئێران، هه‌رایەکی گەورەی نایه‌وه‌. ٥٨ نوێنه‌ری دیمۆكراته‌كان به‌ جێگری سه‌رۆك جۆ بایدێن یه‌شه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ وتاره‌كه‌ی ناتانیاهوو دا نه‌كرد.

ڕێككه‌وتن له‌ گه‌ڵ ئێران ده‌توانرا به‌ ده‌نگی ٢ له‌ سه‌ر ٣ی نوێنه‌رانی سه‌نا ڕابگیردرێت. ئایپاك كه‌مپه‌ینێكی به‌ هێزی لۆبیگه‌ری به‌ تێچووی ٢٠ تا ٣٠ میلیۆن دۆلار ده‌ست پێ ده‌كات بۆ پرۆپاگه‌ندی نه‌رێنی له‌ نێۆ میدیاكاندا دژ به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌. له‌ ئاكامدا دژبه‌ره‌ كۆماریخوازه‌كان ناتوانن ٦٠ ده‌نگی پێویست وه‌ربگرن بۆ ڕێگری كردن له‌ سه‌رۆك ئۆباما. ئه‌وه‌ شكستێكی گه‌وره‌ی سیاسی بوو له‌ مێژووی ئایپاك دا.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٦ی ئه‌مریكا

له‌ ٢٠١٦ دا، هیلاری كلینتۆن و دۆناڵد ترۆمپ له‌ كونفرانسی ساڵیانه‌ی ئایپاك دا به‌شدار بوون. دۆناڵد ترۆمپ له‌ وتاره‌كه‌یدا متمانه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت، واشنگتۆن ئۆرشه‌لیم وه‌كو پێته‌ختی ئێسراییل به‌ فه‌رمی ده‌ناسێ و ڕێككه‌وتنی ناوه‌كی له‌ گه‌ڵ ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌. هیلاری كلینتۆن متمانه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌منیه‌تی ئێسراییل جیگای وتو وێژ نیه‌. ئه‌و متمانه‌ ده‌دات كه‌ ده‌بێ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان بتوانێت هه‌ر جۆره‌ پێشێلکاری لە ڕێککەوتنی‌ ناوەکی لە لایەن ئێرانەوە لە هه‌ر ڕێگایه‌كه‌وه‌ ته‌نانه‌ت لە ڕيگای بە کار هێنانی هێزەوە سزا بدات. پاڵێوراوانی كۆماری خواز، تێد كرووز و جۆن كاسیچ یش له‌ به‌رده‌م ئایپاك دا ئاماده‌ بوون. جۆن كاسیچ ڕایگه‌یاند كه‌ ئۆرشه‌لیم پێته‌ختی هه‌میشه‌یی ئێسراییله‌ و ڕه‌خنه‌ی دۆناڵد ترۆمپ ده‌كات لە بەر بە کار هێنانی وشەی بێلایەن بوون. تێد كرووز یش ڕه‌خنه‌ی دوناڵد ترۆمپ ده‌كات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی باسی بێلایه‌نی كردووه‌ و به‌ڵێنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ناوه‌كی له‌ گه‌ڵ ئێرانی دا هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌ڵبژێرانی وەکو سەرۆک کۆمار، هه‌ر وه‌ها به‌ڵێنی دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی بایكۆتی دژ به‌ ئێسراییلی دا.

کۆکردنەوە و وەرگێڕان: ئازاد سەڵواتی

سەبارەت kurdazad