كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی، دامه‌زراوه‌یه‌كی قازانج-نه‌ویسته كه له شاری ژنێڤ دامه‌زراوه و بنكهكهی هه‌ر له‌و شاره‌یه. ئه‌و كۆڕبه‌نده به هۆی كۆبوونه‌وه ساڵیانه‌كه‌ی ”داوس”ی سویسه‌وه ناسراوه. له كۆبوونه‌وه‌ی داوس دا، به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیا جیهانیه‌كان، به‌رپرسه ڕامیاریه‌كان، بیرمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووسان، بۆ باس و وت‌و وێژ له مه‌ڕ كێشه هه‌ره گرینگه‌كانی سه‌رانسه‌ری دونیا كۆ ده‌بنه‌وه.
كۆڕبه‌نده‌كه چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی ناوچه‌یی دیكه وه‌كو ”كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه‌ی پاڵه‌وانه نوێیه‌كان” له وڵاتی چین به‌ڕێوه ده‌با.
مێژووه‌كه‌ی،
له ١٩٧١، كلاوز ئێم.شواب، ماموستای ئابووری له زانكۆی ژنێڤ، هه‌ستا به بانگهێشتكردنی ٤٤٤ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاكانی ڕۆژاوای ئۆروپا، بۆ به‌شداری له سه‌مپۆزیۆمی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئۆروپی كه له داوس ڕێكخرا. ناوبراو بۆ ناساندنی شێوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان به كۆمپانیا ئۆروپیه‌كان، هه‌ستا به دامه‌زراندنی”European Management Forum ” كۆڕبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئۆروپی كه له مانگی یه‌كی هه‌ر ساڵدا له داوس كۆ ده‌بووه‌وه.
كلاوس شواب، ”شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قازانجبه‌ران” (Stakeholder management approach)ی پێشخست. له‌و شێوه به‌ڕێوه‌به‌ریه‌دا، سه‌ركه‌وتنی كۆمپانیایه‌ك ده‌به‌سترێته‌وه به له به‌رچاو گیرانی قازانجه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كان؛ مشته‌ری، كارگێڕ و كرێكار، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه كه كۆمپانیا تێدا په‌ره‌ی سه‌ندووه و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی یان وڵات، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیاوه.
له دوای ڕووداوه‌كانی ساڵی ١٩٧٣، به تایبه‌ت دوای كۆتاییهاتنی ”سیسته‌می ڕێژه‌ی نه‌گۆڕی ئاڵوگۆڕی پاره‌ی بیانی” كه له ساڵی ١٩٤٤ و دوابه‌دوای ڕێكه‌وتننامه‌ی “Bretton Wood” و شه‌ڕی ئیسراییل−عه‌ره‌به‌وه هاتبووه ئاراوه، كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه‌ی داوس ته‌نیا بابه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له خۆ ناگرێ و ئێستا زۆر بابه‌تی گرینگی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دونیاشی تێدا ده‌خرێته به‌ر باس.
له ساڵی ١٩٧٤دا، بۆ یه‌كه‌مجار، به‌رپرسه ڕامیارییه‌كانیش بۆ كۆبوونه‌وه‌كان بانگ كران.
له ساڵی ١٩٨٧دا، ”كۆڕبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆروپی”(European Management Forum) گۆڕدرا بۆ ”كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی” (World Economic Forum ). ئامانجه‌كه‌شی بریتی بوو له بڵاۆبوونه‌وه‌ی زیاتر و پیشنیاری پلاتفۆرمێك بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكیه نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌كان. به‌رپرسه ڕامیاریه‌كانی دونیا كۆڕبه‌ندی داوسیان وه‌كو پلاتفۆرمێكی بێ لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری جیاوازیه‌كانیان له به‌ر چاو گرتووه. له ١٩٨٨دا، توركیه و یۆنان، ”ڕاگه‌یاندنی داوس”یان واژۆ كرد بۆ دوور خستنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕێكی پێشبینی كرا‌و له نێوانیان دا. له كۆبوونه‌وه‌كانی ساڵی ١٩٩٢ دا، سه‌رۆككۆماری ئه‌فریقای باشور− فرێدێریك دۆ كلێرك، نێلسۆن ماندێلا و سه‌رۆكی زوولووهكان – مانگۆسووتۆ بووتێلێزی بۆ یه‌كه‌مجار له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چارپێكهوتنیان كرد. له ١٩٩٤دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێسراییل و سه‌رۆكی ڕێكخراوی ڕزگاریده‌ری فه‌ڵستین- یاسر عه‌ره‌فات، پڕۆژه‌ی ڕێككه‌وتنێكیان له سه‌ر غه‌زه و ئه‌ریحا واژۆ كرد.
ڕێكخراو،
كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی، دامه‌زراوه‌یه‌كی قازانج-نه‌ویسته و به‌رگری یان لایه‌نگری له هیچ قازانجێكی سیاسی یان نه‌ته‌وه‌یی ناكا و ئامانجه‌كه‌ی ”باشتر كردنی بارودۆخی جیهانه”.
بنكهكهی له كۆلۆنیه له كانتۆنی ژنێڤ، له وڵاتی سویس. له ٢٠٠٦دا نووسینگه‌ی ناوچه‌یی له شاری په‌كین له چین، و له شاری نیۆیۆرك له وڵاته یه‌كگرتووه‌كان كردوه‌ته‌وه.
پله‌ی چاودێری هه‌یه له شۆرای ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا و له ژێر چاودێری حكوومه‌تی سویس دایه. به‌رزترین ناوه‌ندی بڕیاری كۆڕبه‌نده‌كه، شۆرای دامه‌زرێنه‌رانیه‌تی كه بریتیه له ٢٢ ئه‌ندام، و له نێویاندا ئه‌م كه‌سانه ناسراون؛ سه‌رۆكی كۆمپانیای ڕێنۆڵت− ڕێنۆڵت كارلۆس گۆسان، گه‌وره ڕێكلامكاری فه‌ره‌نسی− مۆریس لێڤی، هاوسه‌ری شای ئۆردۆن− رانیه ئه‌لعه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی سندۆقی نێۆنه‌ته‌وه‌یی پاره− كریستیان لاگارد، و سكرتێری پێشووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان− كۆفی عه‌ننان.
ئه‌ندامه‌تی،
لایه‌نی دارایی كۆڕبه‌نده‌كه له لایه‌ن ١٠٠٠ كۆمپانیای ئه‌ندامیه‌وه دابین ده‌كرێ. قازانجی كۆمپانیا ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و كۆڕبه‌نده، ژماره‌ی ٥ میلیارد دۆلار تێپه‌ڕ ده‌كا و هه‌ركامیان ڕۆڵی به‌رچاویان له ئابووری وڵاتی خۆیان یان ناوچه‌یه‌كدا هه‌یه.
له ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه، مافی ئه‌ندامه‌تی ساڵیانه‌ی كۆمپانیا ئه‌ندامه‌كان بریتیه له ٣٤٠٠٠ یۆرۆ، هه‌روه‌ها ١٤٠٠٠ یۆرۆ بۆ به‌شداری سه‌رۆكه‌كانیان له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه‌ی داوس دا. پیشه‌سازیه هاوكاره‌كان و ههواڵبهنده ستراتیژیكه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه، ساڵیانه ٢٠٠٠٠٠ و ٤٠٠٠٠٠ یۆرۆ ده‌ده‌ن بۆ به‌شداری چالاكانه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه.
كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه‌ی داوس،
چالاكی به‌رچاوی كۆڕبه‌نده‌كه، واته كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه، هه‌موو ساڵێك له مانگی یه‌كدا له گۆندی ”داوس” له وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه ده‌بردرێ. له‌و كۆبوونه‌وه ساڵیانهیهدا به‌رپرسانی ١٠٠٠ كۆمپانیای ئه‌ندام، به‌رپرسانی ڕامیاری چوارسووچی دونیا، نوێنه‌رانی زانكۆه‌كان و ڕێكخراوه ناحكوومیهكان، ڕێبه‌ره ئایینیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كانی دونیای میدیا به‌شدار ده‌بن.
به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵیانه‌دا ته‌نیا له ڕێگای بانگهێشتكردنهوهیه.
نیزیكه‌ی ٢٢٠٠ كه‌س له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌شدار ده‌بن كه ماوه‌ی ٥ ڕۆژ ده‌خایه‌نێ و نیزیك به ٢٢٠ كۆبوونه‌وه له پڕۆگرامه‌كه‌دا جێگای هه‌یه.
باسه‌كان، بریتین له بابه‌ته سه‌ره‌كیه‌كانی دونیا (وه‌كو: ناكۆكیه نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌ژاری و كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به ژینگه) و ڕێگا چارهسهریهكانیان. زیاتر له ٥٠٠ میدیاكار له كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌شدار ده‌بن و مافی ڕاگواستنی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان هه‌یه. هێندێك له كۆبوونه‌وه‌كان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگای ماڵپه‌ڕی ئێنتێرنێتیهوه بڵاۆ ده‌بنه‌وه.
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی داوس له ڕێگای یوتوبیشهوه بڵاۆ ده‌بنه‌وه وه و له به‌رده‌ستدان. وێنه‌كانیش به شێوه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له سه‌ر Fliker داده‌نرێن و ڕسته گرینگه‌كانیش له سه‌ر Twitter بڵاۆ ده‌كرێنه‌وه.
له ساڵی ٢٠٠٧ه‌وه، كۆڕبه‌نده‌كه له سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی Facebook و Myspace ه‌وه چالاكیه‌كانی بڵاۆ ده‌كاته‌وه.
كۆكردنه‌وه و وه‌رگێڕان؛ ئازاد سه‌ڵواتی